لایێکم ئاگر لایێکم ئاوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  677 بینین
لایێکم ئاگر لایێکم ئاوە
خاکم تۆز ئەکا بە ڕەشەباوە
خۆزگە چارێکی ڕەشەبا ئەکرا
یا هیچ نەبوایە فیشاڵ دوای ئەبڕا
پڕۆپاگەندە فیشاڵی ناوە
دەمێکە لەناو ئێمەدا باوە
ئێستا دەست، دەستی دەست بە کێردییە
بۆیە هەڕەشە نیوەی مێردییە
بە کێردەکولە هاڕوون لەناو چوو
وەک تڕی بن گۆم دەنگێکی نەبوو
پارەداری ڕژد ئەزانی چۆنە؟
تڕی بێدەنگە و تسی بێ بۆنە
خۆزگە ئەمزانی ئەوانەی نایخۆن
بۆ مێردی ژنی جێ دێڵن ئەڕۆن
لە قەبرەکەوە ئەیدی بە چاوان
بە پارەکەی ئەو ئاهەنگی لاوان
ئەوەیش کە لە ڕێی خوادا ئەیبەخشێ
بە هەموو هێزی دەوران نالەخشێ
چرووکی و بەخشین بە خواستی خوایە
هەر چۆنێ قیسمەت داینابێ وایە
کە ماڵی خۆیان ناخورێ بۆیان
قەمتەر کراون بە لغاوی شەیتان