ئەم کوردە هی وای تیا هەڵکەوتووە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  792 بینین
ئەم کوردە هی وای تیا هەڵکەوتووە
کە بۆ گەڵ هیوای تیا هەڵکەوتووە
لەگەڵ، لەگەڵ گەڵ بە چاکیان زانی
لەگەڵ مەرگ ئەچنە بەربەرەکانی
ڕشتەی ژیانیان ئەکەن بە گوڕیس
گوڕیس کێشەکێ ئەکەن بۆ نەگریس
هەر بۆ ئەوەیە کە بڵێن: ئازان
ئەگینە پێیان ناڵێن: خانەزان
ئەوەی بۆ دایک شەفقەت نەنوێنێ
باوەژن لە توێی خاکا ئەینوێنێ
کە تۆ کەوتیتە بەربەرەکانی
نایێڵن گۆزەت پڕ کەی لە کانی
ئەمڕۆ ڕۆژێکە سیاسەت باوە
لە زۆرەملێ چیت داوە! باوە
کە تۆ بێ دەستی و دەرفەتت کەمە
مەڵێ ئازایی پیشەی باوکمە
بە «وَلَا تُلْقُوا بِأَیْدِیکُمْ» خوا
ئامۆژگاری تۆی فەرموو بەرودوا
بەڵام تۆ ئەڵێی مەردی ئەنوێنم
ئەمرم و گەلی پێ ئەژییێنم
کێ تۆی لە بیرە لە دیوەخانا
تەنها قوڕ ئەکەی بەسەر لاوانا