بۆ فەیز و ڕەحمەت شەرت ئیستیعدادە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
939 بینین
بۆ فەیز و ڕەحمەت شەرت ئیستیعدادە
قابیلیەتیش بەهرەی خوادادە
گەزۆ بە پەلکی بییەوە تاڵە
لەسەر دارمازوو هەنگوینی قاڵە
بارانی نیسان لە دەریا باری
لە ناو سەدەفدا بوو بە مرواری
کەچی لە دەشتا گوژاڵک ئەڕوێ
لافاو پیاو ئەبا لە پردی کەڵوێ
بەم ڕەنگە هەرچی سروشتی بەدە
بۆ زیانکاری سەدی نەوەدە
تەجرەبە زۆری تاقی کردەوە
بەدخوو دەستی بوو کەوتە کردەوە
«إِنَّ الْإِنسَانَ لَیَطْغَی» وایە
ئەووەڵ سوورەیە فەرموودەی خوایە
ئێمە بۆ بێگار بە ئیستیعدادین
چونکە پەروەردەی جەور و بێدادین
فیرعەونێکی واین مووسامان بۆ هات
نەیتوانی بەند بێ سووکێ بۆی هەڵات
هەروەک «پاپاغان» قورئان ئەخوێنین
لە پێستی گورگا وەک مەڕ ئەنوێنین
یارییەک داهاتوە بۆ دەستەی سەرکار
پێ لە جەواڵا ڕاکەن بۆ سەر شار