زۆر کەسم دیوە حەز لە گۆشت ناکا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  769 بینین
زۆر کەسم دیوە حەز لە گۆشت ناکا
هەیشە دوژمنە لەگەڵ جێی پاکا
هەندێک ناوێرن مریشک سەر بڕن
هەیشە بە زۆری کوشتن ئەخوڕن
... ئەیگوت بۆیە ئەقچێنم زەلام
لنگەفرتێکەی زۆر خۆشە لە لام
دەوڵەتیار ئەیگوت کە شەڕ کەوتە ناو
پەرێزت پاک بێ لە دروێنەی پیاو
ئەمانە مۆدەی دیموقراتی بوو
بۆیە وا ڕوومان لە نەهاتی بوو
ئێستاکە کوشتن باوی نەماوە
تاڵان و بڕۆ و قرپ و چرپ باوە
هەرچی دەستی بوو کۆ ئەکاتەوە
گەلێ کەس لە خۆ کۆ ئەکاتەوە
ئەڵێن «مەهدی» دێت لەو وڵاتەوە
گورگ لەگەڵ مەڕا ئاو ئەخواتەوە
مەپوندار بەمە کەس دڵنیا بێ
ئەم سەرزەمینە ئەمەی تیا نابێ
بەڵام هی جەجاڵ ڕاستە هەڵساوە
کەوتووینە شوێن کەر بە هۆی خورماوە
بەرایی دەرکەوت برا «دوبرا»یە
برا بەزەیی بە برادا نایە