هاونشینی بەد تەفرەی ئیبلیسە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
844 بینین
هاونشینی بەد تەفرەی ئیبلیسە
لە ڕەگ و پەیدا وەک خوێنی پیسە
قامیشەڵانی وشکە دڵی پیر
زوو ئاگر ئەگرێ بە ناڵەی شەوگیر
کە دووکەڵ دەرکەوت ئاگری لە شوێنە
خۆت بپارێزە دڵ مەڕەنجێنە
گوڵ بە فرمێسکی چاو ئاودراوە
بۆ یەخەی زۆردار هەڵبژێراوە
کاتێکت زانی هەڵچەقی لە دڵ
ئەو گوڵەی گەلێ «کەڵ» ئەنێتە گڵ
جاران ئەسپێکیان ئەدا بە سوارچاک
ئەیانگوت سوار بە و لێیخوڕە بێباک
ئێستا بەو شەرتە ئەسپ ئەدەن بە پیاو
نابێ لێیخوڕێ بە غار و بە تاو
دێیێک هەر یەکە پیاوی پیاوێ بێ
موختار بڵێ چی دز لە ناوی بێ
«پارتیزانی»یە و ڕۆژ ڕۆژی دەست دار
هەرکەسە دەستەی خۆی ئەخاتە کار
جاران ئەیانگوت ئەهل بۆ ئیشە
کەچی ئیش بۆ پیاو بووە بە پیشە
هیوامان وایە دەستەی ئەمجارە
تەرتیبێکی باش بدەن بەم کارە