بەهارە ئەمڕۆ وا کێو و بیابان گشتی ڕەنگینە

لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
 2 خولەک  665 بینین
بەهارە ئەمڕۆ، وا کێو و بیابان گشتی ڕەنگینە
هەموو فەڕشی چەمەن ئێستە لە دیبائی ڕەیاحینە
گوڵە، گوڵباغە، سەوڵە، نێرگسە، شمشادی بوستانە
وەنەوشە و شەستپەڕ و گوڵ ئاتەشین و سەرو و نەسرینە
هەموو کەس دەستی یاری خۆی لەناو دەستا لە گوڵزارا
بە دەنگی بەربوت و چەنگۆ خەریکی بادەنۆشینە
بەغەیرەز من نەبێ ئەمڕۆ لە گۆشەی حوجرەیی تاریک
هەمیشە دەستەئەژنۆم و بەشم گریان و هەم شینە
گرفتارم بە دەردی عیشقی دڵدارێ کە وا ئەمڕۆ
بە خوێنی عاشقان دایم بەری پێی سوور و ڕەنگینە
لە عیشقی یاری غەدداری دڵئازارم هەموو ئانێ
ڕوخم زەرد و سەرم گێژ و دڵیشم مات و غەمگینە
دڵم بۆ باغی ڕووی ئەو بولبولئاسا زۆر پەشێو حاڵە
ڕەهی مەسدوودە چونکە زوڵفەکانی میسلی پەرژینە
لەبۆ سەیدی دڵی عاشق هەمیشە ڕشتەیی زوڵفی
شکەنج و پێچ و تاب و حەڵقەحەڵقە و پڕ خەم و چینە
ئەمن ئەمڕۆ لە عیشقا جێنشینی تەختی فەرهادم
نیگاری نازەنینیشم لەسەر ڕەفتاری شیرینە
ئەگەرچی تۆ نەخۆش و زار و بیماری ئەما ئەحمەدناسناوی ئەدەبی
لە لەعلی لێوی یار ماچێ لەبۆ ئەم دەردە تەسکینە