جاران ئەیانگوت عەشرەت هاوارە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  676 بینین
جاران ئەیانگوت عەشرەت هاوارە
خۆیان گورج ئەکرد پیادە و سوارە
ڕوویان ئەکردە مەڵبەند بە سەر ڕەو
وەستانیان نەبوو چ ڕۆژ و چ شەو
تێیان هەڵ ئەکرد وەک بچنە شایی
ناویان دەرچوو بوو کورد بە ئازایی
ئێستە دەوڵەمەند کەڵکی نەماوە
دەستی بە دەستەی دینار بەستراوە
پیاو دەوڵەمەند بوو پەکی ئەکەوێ
پارەدار گیانی خۆی زۆر خۆش دەوێ
زۆریان کەوتوونە دەوڵەت پارێزی
ئەو ئازایییە بووە بە حیزی
نازانن سەلەم لە لێ قەومانا
یەک بە هەزارە لەلای قەومانا
لە تەنگانەدا بۆ گەل دینارێ
زیو و ئاڵتوونی لە شوێن ئەبارێ
درەم وەرگێڕی بۆت ئەبێ بە مەرد
دینار کە زۆر بوو لێت ئەبێ بە دەرد
ئەمڕۆ بۆ باران فەرەنجیم بەیتێ
سبەینێ بۆ تۆ ئەبێ بە بەیتێ
ئەوسا نەتدامێ و کەوتیە نکەنک
بۆچیمە لە دوای باران کەپەنک