کە ناوی زۆر کەس بە خراپە بەری

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  628 بینین
کە ناوی زۆر کەس بە خراپە بەری
ئەوسا پێت ئەڵێن لە عالەم بەری
نەخوازەڵڵا بۆ قەوم و قیلەی خۆت
ئەبێتە تفی بەرەو بایی بۆت
هەرچی نەتوانی بیڵێی ڕووبەڕوو
مەیڵێ، نامەردیت لێ ئەبێ بە خوو
ئەوەی پاشملە جوێن بە خەڵک ئەدا
پێی ئەڵێن ژنە لە ژێر پەچەدا
خوا بۆیە پیاوی داناوە نێر بێ
دووڕوو، دوودەکە هەرچەندە شێر بێ
کۆلارە ساڵێ نێرە و ساڵێ مێ
بۆیە حورمەتی نییە هیچ دەمێ
هەر شێرە هەڵمەت ڕووبەڕوو ئەبا
بڕوانە عالەم ناوی کوو ئەبا
بچۆرە ژێر بارێ کە پێت هەڵگیرێ
پارووی زل مەکە لە بین ئەگیرێ
ئەندازەی هێزی قورگت نەناسی
ڕۆژێ ئەخنکێی بە دڕکی ماسی
ئێستر کە تۆڕ بوو کەوتە لەقە و گاز
باری قورس ئەکەن لە دەمە و هەوراز
وڵاخ بارکێش بێ و ڕێی لێ نەشێوێ
خاوەندی مەنێ جۆی بۆ دەپێوێ