«پەڵە» بۆ خاوەند تووتوون وەک پەڵە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
806 بینین
«پەڵە» بۆ خاوەند تووتوون وەک پەڵە
با وجود ئەمساڵ کەوتوونە تەڵە
پار، پارەی زۆریان لە تووتوون دەست کەوت
ئەمساڵ باوکی پار مرد و ناوکی کەوت
زەربەی ئینحیسار خستووینیە هاوار
سلفەی زەراعیش بووە بە سەربار
هەر گوڵێ خارێ و هەر نۆشێ نێشێ
تەنها من جەرگم بۆ ئەوان دێشێ
نامەوێ زۆڕڕاع وا کز ببینم
لە عەداڵەتی دیوان ئەمینم
ئەڵێن هەر عەقڵێ لە خەسارێ دێ
ئەبێ ڕاوەستین تا بەهارێ دێ
هەندێ کە لەگەڵ تووتن خەریک بوون
نەجووڵانەوە وا تیا خەریک بوون
ئەرکی زستانیش وا هات بە سەرما
سەرم سڕماوە لە ترسی سەرما
زستانی عەرەب لای فورس ئاگرە
ئێمەیش کەوتووینە یاری ئاگرە
وایان هەڵداوین لە یەک هەڵ ئەدەین
بە پیمان تەزیوە ئەگەر کەوتە بەین
هەڵماندەکێشن لە ڕیشە و لە ڕەگ
ئەبین بە کوتەک بۆ شەڕەگەڕەک