تەنها بە تەنها پڕ لە بەڵایە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  615 بینین
تەنها بە تەنها پڕ لە بەڵایە
ئیقباڵ «لابەقا»، «تەخت» تەختی تیایە
سەر دار زۆر سەردار سەر دایر ئەکا
ناخی زەوی «خان» ناخن بڕ ئەکا
مایەی هەناسەی ژیان کە «با» بێ
با بۆڵە نەکا، دام بە کەبابێ
پیاوی گوێ ئاگر جەرگی بێ کونە
تفەنگ ئاگر دەی هەوڵی بۆ کونە
دۆ و دۆشاو بە ناو هەردوو شیرینن
کافر و کەشیش هەردوو بێ دینن
لەسەر ڕێی «کفری» یەکێ کفری کرد
لای خودا و بەندە ئەجری خێری برد
ڕەمەزان سەفەری بە سفر دەرکرد
بۆیە جومعەیان لە شەممەدا کرد
سا وەرە برنج بڕنجە ئەمساڵ
شامە و نۆکی کۆن گاڵە ئەکا، گاڵ
من لە سلێمانی بردوومەتە سەر
ژاراوی مەرگە ئەمخەنە «پشدەر»
بە شەکر دەمیان شیرین کراوە
چاو لێک نانە دان ژانی نەماوە
ئەزانی کە چۆن خێرت دێتەڕێ؟
نوقتەی «خ»ی لابە بیخەرە سەر «ڕێ»