جاران بۆ خواردن چەتاڵمان نەبوو
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
771 بینین
جاران بۆ خواردن چەتاڵمان نەبوو
بە «دان» گۆشتمان ئەپچڕی و ئەجوو
لاقە مریشکمان ئەگرت و بە گاز
ئەمان کردەوە وەک چەکوش بیراز
پەل پێنج پەلییە چەتاڵ چوار لقە
پەنجە توندوتۆڵ ئەو ڕەقە و لەقە
چەتاڵ توند نەبێ لە چشت وەک گازێ
بۆت هەڵناگیرێ لە پڕ ئەترازێ
خۆ لە چشتی ڕەق دەم تێ ناژەنێ
کە کەوتەخوارێ خەڵک پێ دەکەنێ
ئایینی ئیسلام دەستی داناوە
وا ئێستا چەتاڵ لەناوا باوە
چەند خۆشە پەنجەت بلێسیتەوە
دووبارە دۆخت بڕێسیتەوە
ئەو کەسەی کەوا بە کێرد نان ئەبڕێ
تەحقیری زادە بەوە نان ئەبڕێ
ئێستا گرانی نانی بڕیوە
گوایە خاوەند شار نرخی بڕیوە
وا تووتنیشمان لا کەوتە گاڵە
عەیشی ئەم خەڵکە بە «تووتن» تاڵە
بەڵام وا تووتن حەڵوای شیرین کرد
حەڵوای شیرین هات تاڵیی لەناو برد