مریشک ئەیخورا، خۆی خستە ژێر قاز

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  657 بینین
مریشک ئەیخورا، خۆی خستە ژێر قاز
بۆ ئەوەی هێلکەی گەورە بدا ساز
کاتێکی زانی! هێلکەی تیا جەڕا
بە زۆر تەقەڵی بن کلکی پچڕا
ناشی بێهوودە کەوتۆتە دۆڵاب
نان بۆ نانەوا، گۆشتیش بۆ قەساب
ئێستر داری بۆ «مەنجەنیق» کێشا
بە وەجاخ کوێری ناوجەرگی ئێشا
پێت مەخەرە کۆت، بە پێڵاوی تەنگ
کە کەوش پێی گرتی، «پێ»ی پێ ئەبێ لەنگ
میوەی کاڵ مەخۆ زگتی پێ دێشێ
شەکر بە گەرما زۆر ئاو ئەکێشێ
جاران «نەخۆشی شەکر»مان نەبوو
منی وا گرتووە، بەرم نادا زوو
من لە تەلاشی تورشی و تەڵاشم
«ئازەچک ئاشم، صانجیسز، باشم»
بڵێم چی؟ ئەوسا گاڵە و هەڵدا بوو
گاڵی «کاڵ» خۆر بوو «گاڵ» بەڕەڵدا بوو
وا لە پاش خەمشێ! ڕێمان لێ ئەبڕن
گوایە بە ئایەت دەستمان ئەبڕن
کێ گوێ ئەداتە ئەو دەست بڕینە
هەر دەست بڕینە کام دەست بڕینە