خوا کە گیانی پاک ئەبەشێتەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  563 بینین
خوا کە گیانی پاک ئەبەشێتەوە
هەندێکیان دوای مەرگ ئەدرەوشێتەوە
لە بارەگای خوا، لە ڕووی زەمین دا
لە ڕۆژهەڵات و لە خۆرنشین دا
ئەڕوا و ئەگەڕێ و زۆرتر لە خەوا
خۆی نیشان ئەدا لە پەردەی شەوا
ئەگاتە فریای کەس و کاری خۆی
ئەبێتە چرای ڕێی ڕزگاری بۆی
هەندێ گیانی تر پێیان ئەڵێن: پیس
ئەکەونە لەشی بەدکاری نەگریس
بە هەر چوارلا دا ئەکەونە «جووتە»
کردەیان لەگەڵ شەیتانا جووتە
«تیکە» لە دەمی بێ دەست دەفڕێنن
هومای ئاسایش هەڵدەفڕێنن
تا دەستیان ئەڕوا کۆ ئەکەنەوە
لە خودا و بەندە «کۆ» ناکەنەوە
لە پڕ ئەبینی کە بەلادا هات
هیچ کەس نازانێ، پارە چی لێهات
لەگەڵی ناچێ بۆ «گۆڕ» و کونی
ئەبڕێ بە مێردە تازەکەی ژنی
یا ڕۆژێ ئاهی جەرگێکی کون کون
پەلی ئەبەستێ و ئەیاخنێتە «کون»