چەند خۆشە ئینسان خەیاڵ پەروەر بێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
954 بینین
چەند خۆشە ئینسان خەیاڵ پەروەر بێ
بە چاولێکنانێ، شای حەوت کیشوەر بێ
زنجیری خیرەد لە شان فڕێ دا
لەگەڵ زانایان نەڕوا بە ڕێدا
بێ «نعمان» تەرحی «خەورنەق» دانێ
پڕ لە موبیلیا و فەرش بێ بە ئانێ
لە سولەیمانی وەک سلێمانێ
بەلقیسی بۆبێ بە چاولێکنانێ
یا لە دواییشدا با بێ و خەیاڵ بێ
کە چاو هەڵبڕێ بۆش و بەتاڵ بێ
ئەمەی خۆشترە لەو دەوڵەمەندە
کە دەوڵەتەکەی ئاوێکی مەندە
بە خەو و خەیاڵ لەبەری ناڕوا
هەناسەی خەڵک و داخی خۆی لە دوا
ئاو کە لە بەری نەڕوا ئەگەنێ
ماڵ نەیخوا، خەڵکی پێ پێدەکەنێ
ئەوە پێی ئەڵێن لغاوی شەیتان
مارەیی دایکی پاشای جنۆکان
«بزەن بەر سەفی ڕەندان» مەپرسە
پیاوی قەلەندەر بێ هیوا و ترسە
گریمان بوویتە «هیتلەر» بڕوانە
کەوتە بەر لەعنەت برای شەیتانە