ئەزانن «واشە» چۆلەکە ئەگرێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  693 بینین
ئەزانن «واشە» چۆلەکە ئەگرێ
بە خۆڕایی چۆن بەخێو ئەکرێ
چیرۆکەی «گیسکی هەیاس» کە باوە
ئەو دەستوورەیە ئێستاش لە ناوە
بناغەی جیهان وا دانراوە
کەم دەم و دەست بی، بەشت خوراوە
بۆیە ئەم «ئێلە» لە نوشوستایە
هەرچی هەڵدەسێ بۆخۆی کوێخایە
دووبەرەکییە و تالعی ناساز
ئەمیان ئەڵێ: سیر، ئەویان ئەڵێ: پیاز
دەست لە هەویر و دەم لە تەدبیرا
ئاو لە «قەڵبیرا»، «خۆژیلک» لە شیرا
خەسوو بە خڕکێ، بووکێ بە بڕکێ
تێک بەربن شیریان چۆن نابزڕکێ
بالۆرەی بووک و خەسووی گوێ لێ بوو
بۆیە کچەکەی نەئەدا بە شوو
کەچی کچ دەستی لە دایکی بەردا
مەیموون زۆر جوان بوو، ئاوڵەشی دەردا
هێندە هەڵپەڕیم تا کەوشم دڕا
شایی شاباشی شاییم پێ نەبڕا
ئیتر تۆبەم بێ هیچ تەفرە نەخۆم
من و کەباب و وێرانەکەی خۆم