خۆزگەم بەوانەی کە لە هیچ ناگەن

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  870 بینین
خۆزگەم بەوانەی کە لە هیچ ناگەن
لە «دارالعلم» و «حقوق» پێناگەن
زنجیری خیرەد ناخەنە ئەستۆ
هەرچی هات ئەڵێن: لێخوڕە، بڕۆ
خواردنی بێ خەم، خەوی بێ پرخە
گلەیی نییە لەم دەوروچەرخە
خوایش زۆرتر ئەوان ئەدۆزێتەوە
بە دڵی ئەوان ئەبزوێتەوە
بە شانسێکی وا ئەیبا بەڕێوە
نازانێ پارە بکاتە کوێوە
سا ئازای بڵێ: ئەمە بۆچ وایە؟
ئەبینی شەق و زللەی چەند تیایە
خوا بە «لا یُسْاَل» وا دەمی بەستووین
پەکی دووان و پرسینی خستووین
کەوابوو وەکوو وتمان، نازانم
بێ دەردیسەری، ڕەحەتی گیانم
لەم دنیایەدا مەچۆرە کۆڕێ
بۆ خۆت هەڵاژێ، ڕەحەت لە گۆڕێ
زاتەن نەتیجەی دنیا ئەمەیە
هیچ کەس نازانێ ژینی تا کەیە