هەر کەسێ کەوتە ناو ئەم جیهانە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  920 بینین
هەر کەسێ کەوتە ناو ئەم جیهانە
ئەستێرەی بەختی لە ئاسمانە
ئەو خواپێداوەی ئەستێرەی گەشە
هەرچی خوا بەخشی ئەو خاوەند بەشە
ئەوەیش ئەستێرەی سیس و بێ فەڕە
دانای دنیاش بێت، هەر ئاخرشەڕە
خوا دنیای بۆ کەیف هێنایە بەرهەم
کێ توانیویەتی بڵێ: منیش هەم؟
بەدبەخت ئەوەتە کە بە عەقڵی خۆی
ئەڕوا بەڕێدا، کەچی نالوێ بۆی
جاران کە شارێک پادشای ئەمرد
شایان حەواڵەی ڕەئی باز ئەکرد
باز بەسەر کێدا بنیشتایەوە
ئەوە مەلیک بوو، ئەبڕایەوە
سا چی بکەم ئەگەر من لەوێ ئەبووم
بە بۆنی کەباب، باز ئەکەوتە دووم!
ئەو چاکتر کەوا شاهیم دەس نەکەوت
بە کاری دیوان دڵم نەئەسرەوت
ئەم بێ خەفەتیە و سەرئازادییە
دەس کێ ئەکەوێ؟ خودادادییە
یەکێ بە ئەسپێ بووە بە داماد
یەکێ ڕەنجەڕۆ بووە وەک فەرهاد
هەرچی بێ هەمووی ئەبڕێتەوە
چاکەیە بۆ پیاو ئەمێنێتەوە