ڕێوی تەڵەباز بوو بە فاقەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  886 بینین
ڕێوی تەڵەباز بوو بە فاقەوە
ناسرەوێ بەدەم واقە واقەوە
دەڵەکیش کاتێ کە گیرا ئەتسێ
کەروێشکیش تانجی دی ئەحەپەسێ
کەروێشک کە ئەنوێ چاو ناقووچێنێ
کە ڕاوکەری دی خۆی ئەخەفێنێ
کەمتیار دەنگی خۆشی پێخۆشە
قولەپێی ئەسمن هێشتا بێهۆشە
ئەم سیفەتانە بۆ پیاویش وایە
هەرچی ئەیبینی بەشێکی تیایە
هەندێکمان هەتا نەکەوتوونە داو
شانازی ئەکەن بە ناو و بە داو
شا بە سەپانی خۆیان نازانن
پێش خۆ نابینن، هێند بەرز ئەڕوانن
لەگەڵ تێی گیرا ئەبێ بە دەڵەک
شاخی لێ ئەڕوێ وەک مانگا بەڵەک
کە ڕزگاریش بوو دیسان وەک جاران
ئەیبینی نە بای دیوە و نە باران
بنیادەم لەسەر حاڵێ نامێنێ
دەوڵەتی دنیا سەر ئەشێوێنێ
بتبێ لات کەمە، نەتبێ خەفەتە
هەر قەناعەتە پیاو پێی ڕەحەتە