لە کەسێ بووردی پەشیمان مەبە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
794 بینین
لە کەسێ بووردی پەشیمان مەبە
لە خوا لامەدە، بێ ئیمان مەبە
بە هیوا بژیت دڵت خۆش ئەبێ
بە نائومێدی ڕەنجت بۆش ئەبێ
کە بە ڕەنجی شان پارەت پەیدا کرد
بە فیڕۆی نادەی هەروا دەست و برد
بەڵام لە «ها»یێ بە «هوو»یێ ئەڕوا
بەم های و هوویەی ڕەنج ئەچێ بە با
ئەو کەسەی چاوی لە ماڵی خەڵکە
بێ بەر و سێبەر وەک داری پەڵکە
قەناعەت ئینسان دەوڵەمەند ئەکا
تەماع بەند نابێ، پێ لە بەند ئەکا
کە بە ترس و لەرز ئەیدزی شەوێ
ڕۆژ دڵ لە مستی، لێت دەرنەکەوێ
تۆ بزانە ئەگەر ماڵت بدزن
چەند پێت ناخۆشە و ئەبی بە دوژمن!
دیارە کە خەڵکیش ماڵی خۆش ئەوێ
کە ئەو پەیدای کرد، بەر تۆ ناکەوێ
ئایینی ئیسلام ئەگەر بزانی
بە ئاسوودەیی مەردی جیهانی
لەو ڕێیە لادەی شوێن شەیتان کەوی
پێت هەڵئەنگوێ، لە پڕ ئەکەوی
هەڵکردی دنیا، دەوران دەورانە
لە هەموو لایە هەر شەڕە نانە
ئەگەر بەبێ نان هەڵکردمان ئەبوو
کەس بەسەر بەشی کەسا نەدەچوو
بەڵام ئاخ باوکمان کە ئەو گەنمەی خوارد
خۆیشی دەرکرا بە هەناسەی سارد
ئێمەش بەو ئیرسە لە دووی نان شەقین
شەق تێهەڵدانە و بەدخوڵق و شەقین