بەور و ڕەشەبا، حەز لە یەک ناکەن
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
847 بینین
بەور و ڕەشەبا، حەز لە یەک ناکەن
خوا با هەر دووکیان لە یەکتر ڕاکەن
ئەم دوانە هاوین ئەگەر یەککەون
هەناسە ئەبڕن «مێمل»ی خەون
چەند خۆشە هەوای ساف و سینەی ساف
لە پێشدا ئەمە، خوا دابووی بە جاف
ئێستا لە شوێن «ڕست» خێوەتی شای جاف
ڕستی «ڕەست» ئەستۆی پێچا بە تەناف
پۆکەر ئالیکی خستۆتە جۆکەر
دیارە پیشەی وا چۆن ئەچێتە سەر؟
ئەی گڵە کوێر بی بۆ مەحموود پاشا
دەک شەرمەزار بی چەرخی چەواشا
لە شوێن ئاوازەی قورئانی ئەوان
کار کەوتە «کارێ» و «فلۆش» بە شەوان
گوایە «ئیدمان»ی پایەی بڵندە
بەڵام کێ ئەڵێ کەرت بە چەندە
شەڕ خاوەند موڵکی کرد بە «میلۆنەر»
با هەزار دینار بدەن بە «پۆکەر»
خۆ کەسیان ناڵێن هەژارمان هەیە
چاو هەڵنابڕن بزانن کەیە؟
دوای ئەوەی شەڕ و گرانی لاچوو
ئەڵێن درێغا ئەویش خەوێ بوو
وەک من بە دەنگی ئیزاعەی کوردیم
ئەڵێم خەوێ بوو، دیم و یا نەدیم