سپڵە شەربەتی گیانی دەرخواردەی
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
821 بینین
سپڵە شەربەتی گیانی دەرخواردەی
ڕۆژێ نەتدایێ، ئەڵێ: «بڕۆ دەی»
سەگ پاروە نانێ لە تۆ ببینێ
شوێنت دەکەوێ بۆ هەموو شوێنێ
هونەر لای پیاوی «نەوسن» نابینی
«تەنپەرەوەر» هەڵدێ کە گەییە تینی
زەوی لە ئاسمان هەر بۆی دەبارێ
لە زەویش بۆ ئەو، تۆز و غوبارێ
کەوا بوو ئەبێ پایە بڵندان
پارە ببەخشن بە مستەمەندان
خوای چاوی لێیە، عەیبت ئەپۆشێ
هاوسێ بۆ عەیب، لە غەیب ئەکۆشێ
خراپە بکە لەگەڵ پیاوی چاک
بەڵام مەرحەبا مەکە لە ناپاک
چاک خاک بۆ سەر خۆی ئەبێژێتەوە
ناپاک میللەتێک ئەڕێژێتەوە
بێ دەوڵەتی ڕوو ئەکاتە شارێ
بە «دەوەن بە ئاش» باراش ئەهاڕێ
ئەم قەومی کوردە بەوە دەمرێ
هیچ کەس، هیچ کەسێ لە ژوور خۆی ناگرێ
ئەو دەڵێ خاوەند پێوانە و گەزم
ئەم دەڵێ ئەزم وا هەڵدەبەزم
ڕۆژێکیان لێ دێ کەوا سەرسەختی
ئەبێتە مایەی کزی و بەدبەختی
ئەوسا کە دەوران ڕووی کردە کەچی
ئەڵێ «گەزی چی»؟ لاچۆ «جاوی چی»؟