لە بارەگادا تا بارە کایە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
862 بینین
لە بارەگادا تا بارە کایە
بە دیاری نەبەی، ناچیتە کایە
لە بارەگای خوایش عادەت هەر وایە
بەڵام بۆ ئەوێ، دیاری تەقوایە
هیچ کەس هیچ کەسێ ناباتە بەهەشت
«دە»م بۆ نەژمێری ناڵێم بگرە «هەشت»
ئەمەندەی هەیە پیاوی وەفادار
ئەگەر دەست کەوێ، ئەو بکە بە یار
دۆستی سەر سفرە، لای چەپا سفرە
لە تەنگانەدا بە دۆستی مەگرە
هەر چی لەلای تۆ ئەخوا کە ڕۆیی
ئەڵێ: لێمان دا، بە کەری خێوی
نازانێ ئەوەی نان بە خەڵک ئەدا
بە هیوای پاداش، ڕەنج بە با نادا
ئەمە زەوقێکە خۆی لە لای خۆشە
ئەگینە هیوای غەیری خوا بۆشە
هەزار جار تاقی کراوەتەوە
کەرەم پاداشی نەدراوەتەوە
هەیە بە دەرسی عیلم و بە پارە
عومری خۆی دانا کەم کەسی یارە
یەکێک ئەناسم کە لە «هەولێرە»
لە عیلم و نانی، عالەمێ تێرە
کەچی نان خۆری زۆری حەسوودە
هەندێ پێی ئەڵێن، ڕەنجی بێهوودە
حاشا لە لای خوا پایەی بڵندە
ئیتر با سپڵە نەبێ بە بەندە