ئازایی باوان بە وارس نابڕێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1000 بینین
ئازایی باوان بە وارس نابڕێ
زۆر وەجاخزادە لە برسا ئەمرێ
ترسنۆک سەری لە ئیش دەردەچێ
بەڵام ناوێرێ لە گژ ئیش هەڵچێ
تا بەخت و قیسمەت بۆت نەبن بە یار
هۆش و هونەرت بۆ ناکەونە کار
خۆ لە تەهلوکە، پاراستن فەرزە
هەندێ جار سکووت شیعرێکی بەرزە
تێهەڵمەقوتە، بڵێی ئەزانم
ئەڵێین «نازانم ڕەحەتی گیانم»
لە درێژەدا ئەدەب و کەماڵ
گەلێ چاکترن لە حوسن و جەماڵ
ئەگەر تێکۆشی و بۆش دانەنیشی
ناکەویتە دوا، دایم لە پێشی
هەر خوایە تەغیر ئەدا بە تەدبیر
وا چاکە باوەڕ بکەین بە تەقدیر
زۆر جار نەدیدە قیسمەت ئەبارێ
پاروویش لە دەمت کەوتۆتە خوارێ
ئەگەر ئەکەویە جوستوجۆی ئەحواڵ
قسە یا لە شێت ببیە یا منداڵ
بەڵام وا چاکە لە هیچ گوێ نەگری
ئەوسا بێ واتە و بێ ئەزیەت ئەمری