دنیا دوو ڕێیە بۆ ئەهلی بڕوا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1187 بینین
دنیا دوو ڕێیە بۆ ئەهلی بڕوا
ڕێیەکیان دێت و ڕێیەکیان ئەڕوا
عاقڵ چۆن ئەنوێ لەو دووڕێیانە
مەگەر ئەوکەسەی خەوی گرانە
دنیا خەوێکە بۆت نایەتە دی
هێشتا کەس بەری ئەو خەوەی نەدی
یەکێک ئەبینی شیرین خەت و خاڵ
لە پێش چاو لاچوو ئەبێ بە خەیاڵ
دووکەس ئەگەڕێن بە ڕۆژ و بە شەو
لەگەڵ لێک بڕان ئەگەڕێ بە خەو
سەد خواردەمەنی خۆشت بۆ ئەکرێ
ئەیخۆی کەچی زک توێشوو هەڵناگرێ
هەر شۆخ و شەنگێ کە دڵ ئارامە
دوای وەسڵ ئەبینی کە «ئیحتیلامە»
یادی خوا نەبێ تێری پێ ناخۆی
هەتا زۆرتر بێ، شیت گیرتری بۆی
ئەگەر بێتو خوا ئەوەی پێ بەخشیت
مەترسە ئیتر بە هیچ نالەخشێیت
خوای کرد دەروونت ڕاهات بەو نوورە
خەم و خەفەتی دنیات لێ دوورە