گەرما ڕتووبەت لە لەش دەردێنێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1115 بینین
گەرما ڕتووبەت لە لەش دەردێنێ
سەرما دەست و پێی پیاو ئەتەزێنێ
هاوینان دنیا پڕ لە میوەیە
زستانان بەفر بە کڕیوەیە
ئەوەی سروشتی ساردە وەک زستان
تەزوو ئەخاتە ناو جەرگی ئینسان
ئەوەی کە دڵی گەرمە و بەڕەحمە
لە ناو پیاوانا زینەتی بەزمە
پیاو هەیە هێندە سارد و بێباکە
ئاگری جەهەننەم تینی تێ ناکا
ئەڵێن «سەمەندەر» لە ئاگرایە
نەم دەگوت ڕاستە، ئەوم نەدیایە
«بایەقوش»م دی، خوێندی لەسەر ماڵ
ئاگری تێبەر بوو، دایە کۆی زوخاڵ
هێندێکیش چاوی پیسیان کار ئەکا
چاوی پیس کاری ژاری مار ئەکا
چی دەبێ ئەگەر چاوپیسێ جارێ
«پەح» لە «هیتلەر» کا و بیخاتە خوارێ
دوعا و نزای خەڵک تەئسیر نانوێنێ
مەگەر بۆمبای چاو هەڵیتەکێنێ
وا عالەمێ مرد «هیتلەر» هەر ماوە
ناوی بە بەڵای خودا نووسراوە