هەر وەکوو «نەفی نەفی» ئیسپاتە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1154 بینین
هەر وەکوو «نەفی نەفی» ئیسپاتە
زوڵم لە زاڵم وەک حەسەناتە
ئەڵماس بە بەردی بێ قیمەت ئەشکێ
کە شکا ئیتر پێکا نالکێ
بەڵام «ڕووسووری» چاری کراوە
باوکی ماقووڵ بێ، بۆی داپۆشراوە
پیاوێ کە دەستی لە دەست هەڵبڕا
زۆری پێ نەچوو پێی هەڵاواسرا
شەرتە ئەو دەستەی کە هەڵدەبڕێ
ئەبێ دەستێ بێ بۆ دزی نەبڕێ
هەندێ موسیبەت کە خوا ئەینێرێ
بە سەدای کردەی بەدمان ئەژمێرێ
کە دەستت بەسەر پشیلەدا هێنا
ڕەگی کۆتر و کەوی دەرهێنا
عەرش کە بە ناڵەی هەتیو ئەلەرزێ
بۆچ بەو لەرزەیە «هیتلەر» ناتەزێ؟
تا ڕووی سەر زەمین بە خوێن سوور ئەبێ
گێپەڕەی ملی ئەو ئەستوور ئەبێ
بەهار بۆ جوان خۆشە بگەڕێ
داری پیر بە بای بەهار نالەرێ
پیری و جوانی تێکڕای زەحمەتە
یادی جوانی بۆ پیر حەسرەتە
پیر تەقاویت بوو، ناکەوێتە یاد
ئیتر دایئەنێن بە نەفسی زیاد
نازانن خۆیشیان وایان بەسەر دێ
گۆڕ وایە بەدکار دەری کەن لە دێ