چرووک لە دونیا خۆی قەمتەر ئەکا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  860 بینین
چرووک لە دونیا خۆی قەمتەر ئەکا
لەولایش حیسابی دەوڵەمەند ئەدا
ڕاستی، بارێکە هەناسە ئەبڕێ
هەرچی هەڵیگرت شەڕی پێ ئەبڕێ
گۆچان کە قەفی چەماوەتەوە
سەرچەوتە و، سەرچەوت ڕاست ئەکاتەوە
نیکاح بەردێکە سەر «مەڵۆی» ئەنین
«حاجی یاتمەز»یش بە تەڵاق ئەڵێن
جاران ئەیانگوت عەیب و شوورەیی
ئێستا ئەبێ دووی شوورەیی کەوی
«ڕۆستەم» بۆ ئەمەی تیغی کول نەکا
دوو کەسی ئەگرت ئەیدا بە یەکا
ئەوەی بە پارە و بە دەسەڵاتە
شەڕیشی وەک ڕێی بە قۆنتەراتە
جاران ئیتالیا شەڕەگای ئەکرد
ئێستا گاجووتی «بنیتۆ»ی بار کرد
هەندێ بە لفکەی زبر دەشۆرێن
هەندێ بە نەرمی لە بار دەگۆڕێن
شەرت ئەوەتە تۆ میزاج بناسی
«تەنتریۆت» نەدەی لە جێی ڕۆن ماسی