ئەو بێ دەستندەی کە ماڵ نەبەخشێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  814 بینین
ئەو بێ دەستندەی کە ماڵ نەبەخشێ
کەماڵی کەمە، زوو پێی ئەلەخشێ
بە ماڵ دڵخۆش کە لە ڕێی خودادا
«مێو» تا نەیبڕی بەری زۆر نادا
بە ماڵ دڵ خۆش کە، نەک بە ماڵ دڵخۆش
مەچۆرە «کەعبە»، بچۆ سەر نەخۆش
دانا وتوویە: ماڵ چڵکی دەستە
بە ناوی چاکیت پشت بەستە، بەستە
ئەو کەسەی بەسەر نەفسیا زاڵە
بۆ دێوی نەفسی ڕۆستەمی زاڵە
دەوڵەت بە دڵی خۆشەوە خۆشە
ئەگینە بارت قورس ئەکا بۆشە
حوشتر لە ڕەنجا بۆیە ناسرەوێ
بەو زلحۆرتییە دوای «کەر» ئەکەوێ
دەڵاڵ سەندووقی ئەفرۆشت لە بازاڕ
بە هەڕاج هەڕاج بۆی کەوتبوە جاڕ
ئەیگوت: ناوی ئەم سەندووقە جوانە
بیکڕی و نەیکڕی هەر پەشیمانە
ئەوە مەرامی ژن و منداڵە
بوون و نەبوونی عەیشی پێ تاڵە
بێ ژن و ماڵی و دوژمنی شەیتان
حەزرەتی عیسای بردە ئاسمان