لە شەڕی بەدکار پشت بە خوا بەستە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  600 بینین
لە شەڕی بەدکار پشت بە خوا بەستە
ئەوە مەبەستە، مەترسە، بەستە
هەرچەند گفتوگۆت بێ سەروپا بێ
کەس لێت ناگرێ کە دڵت پا بێ
دڵ پیس بە ئامشۆ «کەدەر» ئەبەستێ
هیچ دەربەست نییە کە دەر ئەبەستێ
بە ئیملای کۆنە «سڕ» و «سەر» بران
«سڕ» و «سەر» هەر دوو پێکەوە بڕان
دەستت ببەستێ، دەستت ئەبەستی
بڵندی نەکەی ئەکەویە پەستی
لە ئێران جاران نەمام نەمام بوو
ئێستا سەربەرزیی نەمام تەمام بوو
لە داوی خودا و دەوڵەمەند گەڕێ
وشک و تەڕ جووت و ئاشی ئەگەڕێ
هەور گرماندی ترسنۆک تۆقی
وتم: ئۆخەی وا قارچک هەڵتۆقی
بە توانج ئەڵێن دوومەڵان زۆڵە
خۆ ئەوی «زۆڵە» خەڵات لە کۆڵە!
زستان سەرمای خۆی وەرگەڕایەوە
ڕێویش پێستی خۆی وەرگێڕایەوە
چەشنە «ڕێوییەک» هاتۆتە کایە
ڕێوی «قەمچووغە» پێستی پڕ «کایە»
توولەماری وا ڕووی کردە «کابە»
ماری شێخ هومەر، سەگی ئەسحابە