پیاو تێر بێ و چاوتێر مەندە و بێوەیە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
769 بینین
پیاو تێر بێ و چاوتێر مەندە و بێوەیە
برسێتی ڕەگی هاری پێوەیە
چۆن یەکێ بخوا و یەکێ بڕوانێ
برسی یەخەی تێر ئەگرێ بۆ نانێ
پیاوی تێر ئاگای لە برسی نییە
بە ماڵ ئەخوڕێ هیچ ترسی نییە
ناوی خۆی نابوو خادیمی وڵات
کە هات بێتەبەر بۆ خۆی تێ ڕۆهات
درۆ، شیعرێکی پیاوی گۆبەندە
تا موبالەغەی تیا بێ پەسەندە
لەبەر ئەوەیە هەموو شاعیرین
کە لە درۆدا هێندە ماهیرین
ئەم «ڕاست و چەپەی» کە ئێستا باوە
خۆزگە ئەمزانی کێ ناوی ناوە؟
دەستی ڕاست بەشی چێشت پێ خواردنە!
دەستی چەپ پیشەی تارات گرتنە!!
ئێستا «چەپ» «ڕاستی» خستۆتە گۆڕێ
ئەشێ وەزیفەی دەستیش بگۆڕێ
ڕەحمەت لە گۆڕی «پیروەیسی خلک»
ئەڵێ «مێ» «نێرە» و نێر مێنگەی شلک
ئەگەر ژێرکەوتەو، ئەگەر هارییە
ئەم کارەساتە لە بێکارییە
پیاو بێ «سەرمایە»، کوشتەی سەرمایە
«با» لەو کونەوە تا بێ سەرمایە