هەمیشە چشتی باریک ئەپچڕێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  840 بینین
هەمیشە چشتی باریک ئەپچڕێ
هەودا باریک بێ، دیارە بەرناگرێ
ئیللا بنیادەم کە بە ئەستووری
دەپچڕێ یەعنی لەبەر مەغروری
ئەوی کە لە خۆی بایی بێ: بایە
هەر گینگڵ ئەخوا ئەوی بای تیایە
ڕۆحیش بایەکە مایەی هەناسە
ئەوی هەناسەی تەنگ بێ کەساسە
خوا ڕۆحی هێندە شیرین کردووە
بە کەساسیش بێ خەڵک بۆی مردووە
هی وامان دیوە کوێرە و بێ نانە
هێشتا بە هیوای ژین و سەیرانە
خۆ تەماعکاری وا لە پیاو ئەکا
چاوی تێر نابێ مەگەر لە خاکا
نەوجوان چاکە بۆ شەڕەکوتەک
گورگ پیر بوو دەبێ بە مەسخەرەی سەگ
سووخۆر نابووتی مایەی پێ دەبڕێ
مەنجەڵ کە بزێ، دیارە کە ئەمرێ
حەرام ئاوڕت لێ ئەداتەوە
وەک ڕەگی گولی هەڵئەداتەوە
پشت بە پشتیوان کە کەوتیە دیوان
کاتێکت زانی کەوتیە ژێر دیوان
جاران دەرپێمان بە بەنەخوێن بوو
حەرام نەترازا و سەرمایەی سوێن بوو
ئێستا لاستیکە کە هیچ ناترازێ
سەد سوێندی پێ بخۆ بە نێرکە پیازێ