ئەژدەها، کاتێ هاتە هەڵکێشان

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1015 بینین
ئەژدەها، کاتێ هاتە هەڵکێشان
تەوقی ئاڵتوونی دەکەن بە نیشان
چنار کە زل بوو ئەوسا ئەیبڕن
هەودا درێژ بێ بۆ داو ئەیپچڕن
ئەتەوێ بەدکار لە کۆڵ بێتەوە
دوعای بۆ بکە زوو بەرزبێتەوە
گوناهـ وەک زرێ لەبەر ئەکرێ
ڕێی کاری تیری دوعا ئەبڕێ
خوا مەلائیکەی شەڕی داناوە
کەچی لای بەشەر بەدکار بەدناوە
عیزرائیل پیشەی هەر گیان کێشانە
کەچی خادیمی عەرشی ڕەحمانە
خێر و شەڕ هەموو بە دەست خۆیەتی
نەفام لە ناودا چڵوچۆیەتی
خۆت هەڵمەکێشە ئەی زەرەرپیشە
بە ئازایی تۆ نییە ئەم ئیشە
تۆ گڵمتکێکی ناچیز و بێ کەڵک
دەستی قودرەتە ئەتهاوێتە خەڵک
کە «ئێزەد» ویستی لە کۆڵ بیتەوە
بە میزی منداڵ ئەتوێیتەوە
چرایێکی نوور خوا هەڵیگیرساند
نەفام فووی لێکرد! ڕیشی خۆی سووتاند
ئەتوانن ماڵت لە دەست وەرگرن
ناتوانن ڕێگەی لای خوات ببڕن
ئەو دەوڵەتەی لێت نادزرێ عیلمە
ئەوەی لە شەڕت لا ئەدا حیلمە
مەتانەت وەفا و عەزمی تێدایە
ئاو تێدەپەڕێ و زیخ لە جێدایە
منداڵ لەسەرخۆ پێدەگرێ و دەڕوا
بەرسیلە بە سەبر ئەبێ بە حەڵوا
باخی چوارباخی ئەحمەد پاشام دی
ئێستا خەوێکە بۆم نایێتەدی
چوار جڵد تەئریخی ئەمین زەکی بەگ
نامرێ و ناڕووخێ بە زۆری فەلەک
حاجی بەگیش بوو بە وەسیلەی خێر
ئەو ئاوە جوانەی ئەخۆینەوە تێر
ئیتر بزانین لەمەودوا کام پیاو
ئاساری خێرمان بۆ دێنێتە ناو