ئەووەڵ پەردە بوو لە سینەمای چەرخ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1003 بینین
ئەووەڵ پەردە بوو لە سینەمای چەرخ
بزانین چۆنە! ئینجا بازی بەرخ
کەس بە بازی چەرخ پشتی نەبەستێ
هەرچی کەچڕەو بێ ئاخری دەوەستێ
ڕێی ڕاست ئەمینە ئەگەر پیا بڕۆی
لە لای هەموو کەس بێگانە نیت خۆی
دوو بەرد پێکادەن یەکێ شکابێ
ئەوی تریشیان بێ زەدە نابێ
ئەوی لە دوژمن تۆڵە دەستێنێ
ئەو ئینتیقامەیش بۆ ئەو نامێنێ
ئەوانەی دوێنێ کە لە ڕوو دۆست بوون
وا ئەمڕۆ دەرکەوت بە تەمای پۆست بوون
کە دۆستت ڕۆیی و تۆ بێوەفا بووی
دیارە لە ڕێزەی پیاوەتی دەرچووی
هەندێ وەفایان بۆ دوایان نییە
ئێوە هیواتان بە وانە چییە؟!
چەند خۆشە پیاوێ ناوچاوان دەرخا
بە پیاوەتی خۆی قسەی خۆی سەرخا
چەن خۆشە دۆستت ناوچاوان پاک بێ
لە بەرەوڕوویی درۆ بێباک بێ
ڕوو لە پاکییە بەخێر ئەم ناوە
گامان گرووە کلکەکەی ماوە