عادەتی دونیا بە سات ئەگۆڕێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1426 بینین
عادەتی دونیا بە سات ئەگۆڕێ
زۆر دەوڵەت هەیە لەپڕ ئەدۆڕێ
هاونشینی بەد زوو تەئسیر ئەکا
زۆر دۆستی گیانی لێ دڵگیر ئەکا
چەن قەزای دیزە کەوتووە لە گۆزە
ڕەش هەر ڕەشە لای ئەهلی ئەم کۆزە
کە قەلەڕەشمان ڕێپیشاندەر بێ
ئەبێ گەورەمان هەر دەربەدەر بێ
ئەمە دووجارە ئەکەوینە چاڵ
زەرەر دەبینین بە ماڵ و بە حاڵ
هێشتا پیاوی چاک لێک ناکەینەوە
گرەو لە پیاوی بەد نابەینەوە
تا ئیمڕۆ پیاوی خۆمان ناناسین
بە گوریسی بەد ئەبێ بتاسین
هەندێکمان هەیە دوڕ دەقەڵێشن
کەچی بە تەفرەی بەد دڵ بە ئێشن
هەی لە ڕێی خوادا کە دێینە قسە
ئەرەستۆ لامان هیچە و ناکەسە
کەچی بە «بلۆف» ئەمان ترسێنن
لەغاومان دەکەن، دەمانڕەتێنن
نازانین چاک و خراپمان کێیە
بۆ گردی سەیوان ئەچێ ئەم ڕێیە