وا گەرما داهات پاقلە پەیدا بوو
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1299 بینین
وا گەرما داهات پاقلە پەیدا بوو
سەودایی مەشرەب شێت و شەیدا بوو
جاران ڕێ ڕاوی زەڵم لە ناو بوو
ئێستا میری سوور ڕێگەی ئاوا بوو
پەندی پێشینان ئەکەوتە بەر دڵ
ئێستا کە زۆر کەس بووە بە چقڵ
هەرچی لە خۆیا چشتێ شک بەرێ
هەوڵی ئەوەیە «ژیان» بدڕێ
تێگەیشتنمان ئەمجار تەواوە
کەر لە کوێ و کوندە لە کوێ دڕاوە
سم سمی کەرە چنگ چنگی یاسێ
لەم کرد و هەوڵە سەرم ئەماسێ
ئەگەر تۆ پیاوی لێکی دەرەوە
کردەی بەد لە خۆت، خۆت دوو خەرەوە
ئەگینە دەمی خەڵک کیسە نییە
ئەیبینێ و ئەیڵێ گوناهی چییە
ئەو شیعرە خۆشە لای من زگ تێر کا
چشتی نایابی خواردنم فێر کا
کە «بامیە»ی تازە و «تەماتە» دەرچوو
با بڵێن: ڕۆستەم مێ بوو یا نێر بوو