ئەو پیاوە گەورەی خۆی بە کەم ئەگرێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1437 بینین
ئەو پیاوە گەورەی خۆی بە کەم ئەگرێ
لە ئەندازەی خۆی زۆرتر سەرئەخرێ
ئەوی خۆی لە ژوور خەڵکی دەنواڕێ
با پایەیشی بێ دەیهێننە خوارێ
لەش و عەقل و دڵ، ئەم سیانە ساغ بێ
ساحێبیان دەبێ هەر بە دەماغ بێ
لەگەڵ خۆهەڵکێش خۆش باوەڕ مەبە
ئاڵتوون بە محەک، پیاو بە تەجرەبە
گوێی ڕاستت سووک بێ بۆ چاکە بیستن
گوێی چەپت کەڕ بێ لە فیت هەڵبەستن
قسەی چاک زەحمەت ئەگاتە جێی خۆی
واتەی بەد زۆر کەس پۆستەچییە بۆی
ئاگری دزان شەوێ دەگڕێ
چەقۆی بێ پۆڵا دوو ڕۆژ دەبڕێ
دەوران دەورانە دەبدەبەی شایی
ڕەواجی نەما بێچوو و سێ شایی
کوا گرمەی تەپڵی بەگزادەی جافان؟
کوا بەزم و ڕەزمی مێوڵێ و تافان؟
ئێستا کە باوی قەشە و مالوومە
سوێند هەر بە سەری «ئەورام شالوومە»