مانگی ڕەشەمێ دووکەڵ دەرناچێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1285 بینین
مانگی ڕەشەمێ دووکەڵ دەرناچێ
خاتوو زەمهەریر پرچ هەڵئەپاچێ
لەقلەق هاتەوە نیشتە سەر هێلکە
مەیدان خاڵی بوو بۆ پەرەسێلکە
کلکی دووفاقی نموونەی زەیلە
شارەزوور ئەمساڵ لە ڕاوکەر کەیلە
عەینەمەل دەرکەوت، ساڵی کوللەیە
بەڵام بۆ ئەودیو ئەزمڕ پلەیە!!
بای بەهار دەشنێ! کۆلارەی دەوێ
بزانین بە پەتی کێ سەردەکەوێ
کۆلارە ساڵێ نێرە و ساڵێ مێ
ئەمسال برەوی ژنانە کەمێ
بە هۆ و بە هیوای داری پەڵکەوە
وەک فڕفڕۆکەین بەدەس خەڵکەوە
بەڵام لە لەشی چالەکە دەچین
هەتا لێمان دەن پێی قەڵەو دەبین
هێندە کە بڵێی کەمتیار چاکە
قولەپێی دەسمی هێشتا دەنگ ناکا
بە کەر ناوێرین بە کورتان شێرین
وەک سوورەواڵەین بە خاڵمان فێرین