هەندێ کە لە پڕ بەرز ئەبنەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  984 بینین
هەندێ کە لە پڕ بەرز ئەبنەوە
کە کەوتنە خوارێ ئەبوورنەوە
کە بە توونچێتی بووی بە حەمامچی
خۆت لێ ناگۆڕێ، لە ڕێ دەرناچی
بەڵام کە لە پڕ هاتی بووی بە کوڕ
نان خۆرێ دەبی، سپڵەی سفرەدڕ
ئەگەر پێ بە پێی هاوڕێکانت بێی
پێت ناڵێن کابرا! نازانن تۆ کێی
هەر موویە لە ڕیز ڕیزە تێپەڕێ
مەقەستی وەستای دەلاک ئەیبڕێ
نەخوازەڵا وا «زیل» کەوتۆتە ناو
هەرچی بەرکەوێ، ئەڵێن کلک بڕاو
بۆ کلکەقوڵێ دەچنە لای داپیر
ئەماننێرێتە لای بزن بۆ شیر
شیری داپیر خۆر، بێ کلک ئەمێنێ
سەگ بە هێزی کلک ئێسقان ئەشکێنێ
پیرەمێردێ هات، پێی وتم پیرێ
هەر کەس لە باری خۆی گوێز پەژمێرێ