دڵ ئەڕەنجێنێ پیاوی بێ کەماڵ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1789 بینین
دڵ ئەڕەنجێنێ پیاوی بێ کەماڵ
بە هەڵەوەڕی دز دێتە سەر ماڵ
قرژانگ کەستمی و وازی لێهێنام
زوو تێگەیشتم کە چۆنی بەردام
بۆ دەربەدەرێ مەکەوە سەما
ئەگەر چاک بوایە لە جێی خۆی دەما
گوڵ لەسەر لقی خۆیا ڕەنگینە
بەردیش لە جێگای خۆیا سەنگینە
بچۆرە شارێ کە کەس نەتناسێ
تێر خۆت هەڵکێشە پڕ بە کراسێ
با، مێخ سندانی توڕ ئەدایە دەر
پێچە کلۆیان دەهاویشتە بەر
خوا منی لە ژوور تۆوە داناوە
هەر چییەک دەیکەی خەیاڵی خاوە
قاچاقچی نەما ڕێژی لە ناوە
بێ تووتنیە ئەم بەند و باوە
دارکێشی ناری نەمروود بوو ئێستر
گوێدرێژی گولە ڕەهبەری حوشتر
دەروێشی بەنگ کێش سەر دەنێتە تاق
بۆ بێگانەیە تریاقی عیراق