کە شاخی گۆیژە بەفری چووەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1480 بینین
کە شاخی گۆیژە بەفری چووەوە
پەندی پێشینیان زیندوو بووەوە
پێم بڵێی ڕۆڵە لەبەرت دەمرم
خشتم تێبگری بەردت تێدەگرم
کەواکەی خۆمە ئەیکەیتە بەرم
ڕۆنەکەی خۆمە ئەیدەیتە سەرم
کە ژن ملکەچ بوو بە نانی شوانێ
بۆچی لێی ئەدەی بە کوڵە گۆچانێ
کاسە کە پڕ بوو دیارە ئەڕژێ
بەرداش لێک کەون تۆزیان ئەپرژێ
لەگەڵ هاوماڵا مەکەوە ورتە
لە جێی «سندان»ی تۆ «قوززەلقورتە»
تا دەسندەت بێ قەدرت لە لامە
کەوم بۆ نەگری پێت ناڵێم مامە
کەمتیار ئەگەر پێی بڵێی چاکە
قولەپێی ئەسمی هێشتا دەنگ ناکا
هەنگەڵانەکەم هەمووی هەنگوینە
خورمای کوردکوژەم لە لا شیرینە!
تەرس هەڵدەڕێژێ خورما بە جەواڵ
بۆیە دەکەونە شوێن کەری جەجاڵ
کە لەناو خۆتا هاتو ڕێککەوتی
ئیتر لە ترسی لاوە سرەوتی