ئەڵێن ڕەمەزان لاقێکی دەیە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1428 بینین
ئەڵێن ڕەمەزان لاقێکی دەیە
کێ دی بزانێ سێ لاقی هەیە
لە مزگەوتاندا کەوتنە «الوداع»
ڕۆژوویان تەراند بە «وەگاع وەگاع»
هێند لێی تووڕە بوون بە شەڕ و هەرا
لە قاپی سەرا هێجگاری تۆرا
«لیلەالقدر»یش ئەبڕێتەوە
وەک کابرای کوردە خەرج ئەبێتەوە
بۆچ وتیان ڕۆژوو ئێسکی گرانە
بە چایێک ڕۆیی ئەو بەستەزمانە
ڕۆژوو و کریسمیس گەینە سەری ساڵ
هەر دوو پێکەوە گەییشتنە ماڵ
چەرخ و فەلەکمان بۆ هەڵخراوە
بەڵام کەس هێزی گوژمەی نەماوە
ڕاست بێژ هەر بەشی پلار و پەڵە
دەور دەوری دەورەی ماینە چەقەڵە
«فەرز» گرانە حەز لە سوننەت ئەکەم
کە ڕۆژوو نەگرم پارشێو بۆچ نەکەم
ڕۆژی بیست و پێنج شایی لۆغانە
بە تلی لیلی چوون بۆ تۆی یانە
پاش جەژنێ بۆ من ئەڵڵاورمانە
بەڵام بارانە و جێگا نەرمانە
«ژیان» ئەڵێ: کێ گوێی لە دەنگمانە
پارەی ئابوونە بکا بە جەژنانە