ئەوا نەمردین کەوتینە بەهار
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1515 بینین
ئەوا نەمردین کەوتینە بەهار
بزانین دیاریمان چی بۆ دێ لە شار
زۆر کەس ئەبینین دەچێتە بەغدا
هەر وەک پەتکە و نابێ بە هەودا
ئەگەر هەر تیرێک لە نیشان بدرێت
بەرگی مامۆستای تیرئەنداز ئەدڕێت
ئەڵێن پشتیوان هەر لە بەغدایە
هەرچی ڕیش سوور بێ بۆچ هەمزاغایە؟
قەساب تەمیزی بۆ دووکان ئەبێ
کەچی بۆ ئێمە گۆشت گران ئەبێ
عیسا میقرۆبی پاک ئەکردەوە
لەعیسایان دا مووسا بووردەوە
ئەڵێن گۆشتەکەی ئێستامان پاکە
بە سەد فلسیش بێ هێشتا چ باکە
نانەواخانە تەمیز و جوان بوو
لەو تۆڵەیەدا نۆکمان گران بوو
نانی گەرم ئەخۆی تامی تامییە
کە سارد بووەوە گەنمەشامییە
ڕەئیس شارەزای ئەم خووانەیە
بەڵام ئاخ مشتەی ناو هەمانەیە