کچ بە نابەدل بۆ پیر چوو بە بووک
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1719 بینین
کچ بە نابەدل بۆ پیر چوو بە بووک
مێرد بێزار ئەکا شەو بە نووکە نووک
هانام بە تۆیە خوای دەستگیر
نەمکەی بە بووک و بکەومە دەست پیر
پیری پەک ئەخا و «بەستن» بیانووە
ئەمە چیرۆکی دەوری کوانووە
کۆڵە نانی بۆ بەستوو بانگ ئەکەن
لای گولە نانێ بیسمیللا مەکەن
گڕوگاڵ لێمان کەوتۆتە دوان
گورگ پیر بوو دەبێ بە حەچەی سەگان
بەفر و هەڵەکۆک بەحەسرەتەوە
برجی پیرێژن نزیک کەوتەوە
مەعاشەکەمان بەشی دۆڕانە
بە دوو جەژنانە و سێ پاش تێلانە
ئەعشار و ئەغنام وشکاییان هات
وردە مەئمووران هەموو بوە بە لات
گەرای کوللەمان بۆ بژیێتەوە
ئەمجا پێکوڕە ئەبووژێتەوە
کە مەشکەدڕە نەتەوەی بڕا
مەشکەی مەزبەتەی تەنزیلات دڕا
لاپوورە بە داو داهاتۆتە ناو
خورماڵی گێژ بوون وەک ماسی سەر ئاو
بەمانە خەڵکم لێ تەوەللا بوو
مەلا مەلا بوو بوار ئەولا بوو