نامەیەک بۆ بارزان

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  922 بینین
ئەی سروەی شەماڵ، کزەی بەربەیان
فیدات بم هەڵسە، بڕۆ بێ وچان
نامەی گوشادی کورد و کوردستان
هەڵگرە بیبە بۆ شاخی بارزان
بڵێ مژدەبێ ئەی کێوی سەربەرز
دێنەوە وڵات شێرانی نەبەز
ڕۆڵەی ئازادین، هاوڕێی دڵسۆزن
خەمخواری گەل و خاکی پیرۆزن
ئەوان ڕابەری گشت تیرە و هۆزن
بانگدەری مژدەی جەژنی نەورۆزن
بڵێ موژدەبێ، موژدەی یەکجاری
گەل ڕزگار دەبێ لە دەست زۆرداری
بڵێ موژدەبێ بەسەرچوو گریان
بەسەرچوو ڕۆژی شین و قوڕ پێوان
بەسەرچوو بۆ گەل کەلەپچە و زیندان
ئاسایش خوازی بکرێ بە تاوان
کاروانی گەلان لە ڕێی ئازادی
دێتە گوێ دەنگی زەنگۆڕی شادی
ئەوجا بای شەماڵ لەوێوە بڕۆ
بۆ دهۆک، ئاکرێ، ئامێدی، زاخۆ
بۆ مووسل، ژەنگار، دیاربەکر، شنۆ
بۆ سنە و سابڵاغ، سلێمانی، کۆ
بەسەر کەرکووک و هەولێر ڕاببرە
گوێ لە ئاوازی ئازادی بگرە
ئەوجار بای شەماڵ ڕۆیشت گەڕاوە
گەشتێکی وای کرد لە هەموو لاوە
لە شار، لە لادێ، لەم لا، لەو لاوە
هەرچی بیستبووی بۆمی گێڕاوە
ئەڵێ هەر کوردە وەک شێری ژیان
سوێند ئەخوا بە کورد خاکی کوردستان
لەمەولا ئەبێ هەر تێکۆشەر بین
بە وێنەی تیر و شیر و خەنجەر بین
هەڵبڕی ئاسک و گیانی تێکدەر بین
کوشتدەی هەموو چینی شەڕکەر بین
هەر بە تێکۆشان بە هەوڵ و خەبات
گەل ئازاد دەبێت دەگات بە ئاوات
سوێند بەو دارە بێ لەبن قووت کرا
سوێند بەو بەردە بێ بە خوێن سوور کرا
سوێند بەو دایکە بێ کە جەرگی بڕا
سوێند بەو باوکە بێ کە ڕۆڵەی کوژرا
سوێند بە سێدارە و بە خوێنی گەش بێ
سوێند بە وڵاتی کوردی بەش بەش بێ
کۆڵ نادەین ئێمە هەرگیز ناوەستین
زۆر زۆر لەمێژە لە دوژمن پەستین
خاوەنی هۆش و زانین و هەستین
ئەبێ یەک بیر و یەک دەنگ و هەست بین
ئێمەیش ئێستاکە ئازادی خوازین
بۆ گشت گەلان و بۆ کورد دەخوازین
کوردیش خاوەنی نیشتمانێکە
لە مێژووی گەلان قارەمانێکە
بیری یەکێتی کوردستانێکە
تایبەتی خاوەن کە داستانێکە
بۆ کورد سەربەستی و سەربەخۆیەتی
مافی خۆیەتی مافی خۆیەتی