دیاریی لاوێک

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 7 خولەک  698 بینین

ماوەیەکی زۆر بوو دانیشتوانی شارەکە چاوەڕوانی هاتنی کاروان بوون، چونکە لە ڕۆژگاری پێشوودا هەموو شتێک و پێویستییەکی دیکە، لە شارێکەوە بۆ شارێکیتر بە هۆی کاروانەوە دەگواسترانەوە، بەڵام ماوەیەکی زۆر بوو کاروان نەهاتبوو، شتومەک و پێویستی لە بازاڕدا زۆر کەم بوو بوو، دانیشتوانی شارەکە چاوەڕوانی هاتنی کاروان بوون، ڕۆژێک دەنگ بڵاو بووەوە کاروان گەیشت، خەڵکەکە زۆر دڵخۆش بوون. بەڵێ کاروان گەیشت، شتومەک گواسترایەوە بۆ کۆگا و دووکانەکان، ئەو ڕۆژە ڕۆیشت، ڕۆژی دوایی خۆی دەکڕی و بەرەو ماڵ دەکرایەوە، تەنیا کوڕێکی لاوە نەبێ، کە هیچی نەکڕی بوو، سەری بە هەموو کۆگا و دووکانەکاندا دەکرد، زۆر بە وردی سەرنجی دەدا، یەکێک لە خاوەن کۆگا و دووکانەکان ڕووی کردە کوڕە لاوەکە و پێی گوت: «ئەی کوڕی لاو وادیارە بە شوێن پێویستیەکی تایبەتی کەوتووی و لێی دەگەڕێیت و نایدۆزیەوە» لاوەکە لە وڵام دا گوتی: «بەڵێ کاکی بازرگان پێویستیم بە شتێک هەیە و بە شوێنیدا دەگەڕێم بەڵام نایدۆزمەوە و تەنیا هەر بۆ ئەو عەوداڵم» بازەرگانەکە ڕووی کردە لاوەکە و پێی گوت: «ئەی کوڕێ لاو ئەوەی بە دوایدا دەگەڕێی و دەتەوێ بیکڕی پێم بڵێ چییە؟» لاوەکە گوتی: «ملوانکەیەکە شایانی دیاری بێت بۆ خوشکە خۆشەویستەکەم، تا بتوانم بە دڵنیایی لە گەردەنی بکەم!» بازرەگانەکە پێی گوت: «ئەی کوڕی لاو ئەوەی ئەتۆ بە دوایدا دەگەڕێی لای من چنگ دەکەوێ! بەڵام بۆیە نایخەمە پێش چاوان چونکە نرخی یەکجار گرانە و هەموو کەس ناتوانێ بیکڕێت!»

لاوەکە گوتی: «من ئامادەم بە هەموو نرخێک بیکڕم و بۆم بێنە تەماشای بکەم.» بازەرگان هەستا سندووقێکی هێنا و سەری هەڵدایەوە ملوانکەیەکی هێنا و دایە دەست لاوەکە و پێی گوت: «وابزانم ئەوەی کە دەتەوێ بیکڕی ئەوەیە» لاوەکە ملوانکەکەی وەرگرت و تەماشای کرد، ملوانکەکە بریتی بوو لە چەند دانە گەوهەرێک لە سەر هەر گەوهەرێ پیتێک نووسرا بوو، هەموو پیتەکان ئەم دێڕە نووسینە بوو «بە هۆی [.] ئازادی، ڕزگاری، بەختیاری دەست دەکەوێ!»

لاوەکە گوتی: «کاکی بازرگان لەم نووسینە هیچ تێ ناگەم وادیارە ئەم ملوانکەیە دانە گەوهەرێکی لێ کەم کرابێتەوە، چونکە نووسینەکە بێ ئەنجام دەمێنێتەو و ئەتۆ نازانی ئەو گەوهەرەی کە لە گەردەندا جێگای چۆڵە چی لەسەر نووسراوە؟» بازرگانەکە گوتی: «ئەی لاو من نازانم کەموکۆڕی گەردانەکە چییە؟ من هەروەهام کڕیوە و هەر وەهاش دەیفرۆشم و زۆر کەس لە پێش تۆدا کڕیویانە و بۆ خۆشەویستەکانیان بردووە» لاوەکە گوتی: «زۆر باشە ئەمە نرخی چەندە؟» بازرگانەکە گوتی: «جارێ نرخەکەیت لێ وەرناگرم، فەرموو ئەوە ملوانکەکە بیبە ئەگەر خۆشەویستەکەت بە دڵی بوو، ئەو پێت دەڵێ نرخی چەندە؟ هەر کاتێ گەڕایەوە بۆ ئێرە پارەکەم بۆ بێنە خۆ ئەگەر لێی وەرەگرتی ئەو کاتە گەردانەکەم بۆ بێنەوە.» لاوەکە گوتی: «لێت وەرناگرم هەتا نرخی ملوانکەکەت پێ نەدەم!» بازرگان گوتی: «ئەی لاو لە ڕاستیدا منیش نرخی نازانم بەڵام بڕواییم بە تۆ هەیە، فەرموو ئەمە ملوانکەکەو، لێرە بەرەو باشوور گۆڕستانێک هەیە ئەگەر بچی بۆ ئەوێ ئافرەتێک دەبینی لێی بپرسە، ئەو دەزانێ نرخی ملوانکەکە چەندە؟» لاوەکە ملوانکەکەی وەرگرت و بەرەو گۆڕستان ڕۆیشت تا گەیشتە ئەوێ و دیتی ئافرەتێک لەسەر گۆڕێک دەگریە و فرمێسکی خوێنین دەبارێنێ بۆ جگەرگۆشە جوانەمەرگەکەی. لاوەکە بە دیتنی ئافرەتەکە سەرسام بوو، بێدەنگ بەرامبەری ڕاوستا و ماوەیەکی زۆر تەماشای کرد تا ئافرەتەکە سەری بڵند کرد و ڕووی تێ کرد و پێی گوت: «ئەی کوڕی لاو لەم گۆڕستانە چ کارێکت هەیە و بە شوێن چیدا دەگەڕێی!» لاوەکە گوتی: «دایکی بەڕێز ملوانکەیەکم کڕیوە بۆ خۆشەویستەکەم، دەمەوێ بە دیاری بۆی ببەم بەڵام خاوەن ملوانکەکە نرخەکەی لێ وەرنەگرتووم و پێی گوتم بیبە بۆ گۆڕستان لەوێ پێت دەڵێن نرخی چەندە؟ منیش هاتووم لێت بپرسم نرخی ملوانکەکە چەندە؟» ئافرەتەکە پێی گوت: «کوا ملوانکەکە!» لاوەکە دەستی خستە گیرفانی بۆی دەرهێنا، ئافرەتەکە تەماشای ملوانکەکەی کرد و ڕووی کردە لاوەکە و پێی گوت: «ئەی لاو تۆ ناتوانی بگەی بە خۆشەویستەکەت و ئەم ملوانکەیەی لە گەردەنی بکەی! چونکە ئەم ملوانکەیە گەوهەرێکی کەمە و هەتا ئەم گەوهەرە لە شوێنی خۆی دانەنرێت، ملوانکەکە بە ناتەواوی دەمێنێتەوە و نووسینی گەوهەرەکانی دیکە هیچ واتایەکی وا نابخشێ کە پێی دڵنیابی و ئەتۆش بە ئاوات ناگەی و هەر وەکوو ئەوانەی لە پێش تۆدا هاتن و بە ئاوات نەگەیشتن! ئەی لاو تەماشای ئەم گۆڕستانە بکە، کە پێی دەڵێن گۆڕستانی گیان بەختکەران، هەموویان لاوی گیان فیداکار و دلێر بوون، لێرەدا گیانی خۆیان بەخت کردوو و هیچ کامیان نەیان توانی دیاریەکانیان ببەن بۆ خۆشەویستەکانیان و بە ئاوات بگەن!» دەستی درێژ کرد و لە باخەڵی چەند دانە ملوانکەیەکی دەرهێنا و گوتی: «ئەی لاو خاوەنی ئەم ملوانکانە وەک تۆ بۆ خۆشەویستەکانیان دڵسۆز بوون چونکە ئەم ملوانکەیە وەکوو گوتمان دانەیەکی کەمە، هەتا ئەم دانەیە پەیدا نەکرێت و لە شوێن خۆیدا دانەنرێ نووسینی ملوانکەکە هیچ واتایەک نابخشێ و کەس لێی تێ ناگات و هەرکەسێ بتوانێ ئەم دانەیە دەست خۆی بخات و لە ناوی دا داینێ ئەوا ملوانکەکە تەواو دەبێ و دەتوانێ لە ملی خۆشەویستەکەتی بکەی،» لاوەکە گوتی: «ئەی دایکی بەڕێز ئەگەر هاتو ئەم گەوهەرە پەیدا کرا و لە شوێن خۆی ڕیز کرا نووسینی سەر ملوانکەکە چۆن دەخوێنرێتەوە؟» ئافرەتەکە گوتی: «ئەو دانە گەوهەرە لەسەری نووسراوە «یەکێتی». ئەو کاتە هەموو گەوهەرەکان بە ڕیز بهۆندرێنەوە نووسینەکە بەم جۆرە دەخوێنرێتەوە: «بە یەکێتی، ئازادی و ڕزگاری و بەختیاری دەست دەکەوێ!»

ئەی لاو تەماشا کە ئەوانەی لەم گۆڕستانەی خۆ بەختکەران گیانی خۆیان سپاردووە و نەگەیشتوون بە ئاوات!» لاوەکە گوتی: «ئەی دایکی بەڕێز دەبێ ئەو گەوهەرەی ملوانکەکەی پێ تەواو دەبێ هەر پەیدای بکەم تا بتوانم لە گەردنی خۆشەویستەکەمی بکەم، ئەی دایکی بەڕێز ئەم گەوهەرە لە کوێ دەست دەکەوێ؟ بەڵێن بێت من بە هەر نرخێک بێت بیکڕم!»

ئافرەتەکە گوتی: «ئەی کوڕی لاو ئەو بازرگانەی ئەم گەوهەرەی لا دەست دەکوێ، ناتوانێ بۆ ئەم دەوروبەرە بێت ، چونکە لەو بازرگانانە دەترسێ کە ئەم ملوانکانە دەفرۆشن و بازرگانی پێوە دەکەن! کەوشەی بریقەداری وەکوو ئازادی و ڕزگاری و بەختیاری لەسەر نووسراوە و لە بەرژەوەندیی ئەم بازرگانانە نییە، ئەو بازرگانەی گەوهەری «یەکیەتی» لە لا دەست دەکەوێ، بێت بۆ ئەم دەوروبەرە چونکە دەبێتە هۆی سست بوونی بازاڕ و کەم بوونی دەست کەوت و ئاشکرا بوونی دەرۆ و دەلەسە و خیانەتکاریەکانیان. ئێستاش ئەی کوڕی لاو، گوێ لە ئامۆژگاریی دایکی خۆت بگرە و هتر ئێستا بگەڕێوە بۆ لای دایکت و باوکە پیر و هەژارەکەت چونکە زۆرت پێوە ماندوو بوون و ڕەنجیان پێتەوە کێشاوە و بە خۆڕایی جگەرسووتاویان مەکە و گیانی خۆت بێ هوودە لە دەست مەدە. لاوەکە گوتی:» ئەی دایکی بەڕێز و جگەر سووتاو زۆر سوپاست دەکەم، بەڵام بەڵێن بێ نەگەڕێمەوە تا بە ئامانج دەگەم و گەوهەری «یەکێتی»وە دەست دێنم! لەگەڵ ئەو لاوانەی کە کڕیاری ملوانکەن بۆ خۆشەویستەکانیان، دەبێ بە هەر نرخێ بێت پەیدای بکەین و لە ملی خۆشەویستەکانمانی بکەین. ئای چەندە بە نرخە یەکێتی چونکە ئازادی و ڕزگاری و بەختیاریمان پێ دەست دەکەوێ.

ئافرەتەکە ڕووی تێ کرد و پێی گوت: «ئەی لاوە بە هیوای گەیشتن بە ئامانج بڕۆ خوات لەگەڵ بێ!»