هیجری تۆ چەند سەعبە دڵبەر ماڵەکەم وێرانە بۆت

لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
 1 خولەک  7113 بینین
هیجری تۆ چەند سەعبە دڵبەر ماڵەکەم وێرانە بۆت
ڕۆژ و شەو غەمباری ڕووتم دیدەکەم گریانە بۆت
ئەشکی چاوم بادەیە ناڵەی دڵم عەینی نەیە
خاک بەسەر بێکەس لە حەسرەت جەرگەکەم بوریانە بۆت
ئەی نیگاری نازەنین لەو ڕۆژەوە دووری لە من
سەیلی دیدەم وا بەخوڕ دێ هەروەکوو سیروانە بۆت
ئەو بەڵای بۆ قامەتی تۆ دێ لە عوششاقت کەوێ
سەدهەزاران عاشقت جانا بەڵاگەردانە بۆت
ئەی دڵە بەسیە لە غەم بۆ چی ئەناڵی ڕۆژ و شەو
شەهدی لێوی دڵبەرت بۆ دەردی تۆ دەرمانە بۆت