نییە ڕەحمت لە دەرحەق عاشقی شەیدایی مسکینت

لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
 1 خولەک  1576 بینین
نییە ڕەحمت لە دەرحەق عاشقی شەیدایی مسکینت
بڵێ پێم تۆ خودا کافر چییە تۆ مەزهەب و دینت
بە خاکا پێ بنێ، مەینێ بە دیدەی ئەشکبارمدا
مەبادا دڕکی برژانگم بچێتە پێی حەنایینت
مەیێڵە ڕۆژی عاشق ڕەش ببێ ئەی یاری بێ مروەت
لەسەر سوبحی جەبینت لادە جانا زوڵفی چینچینت
هەمیشە لالەزارە دەوری قەبرستانی عوششاقت
ئەکەن تەمسیلی لێوی لەعل و کوڵمی ئاڵ و ڕەنگینت
کە ناوت دێنمە سەر لێوەکانم ئێستە ئەی جانا
دەم و لێوم ئەچەسپێن پێکەوە بۆ لێوی شیرینت
بە خەندەی نازەوە فەرمووی ئیتر بۆت فەخرە تۆ مردن
کە ئەمڕۆ من بە ناز و لەنجەوە هاتوومە باڵینت
لە سایەی ماچی لێوی ئەو شکا بازاڕی تۆ قەنناد
بە پوولێ ناکڕێ کەس ئێستە باری شەهد و هەنگوینت