وەرە ئەی بولبولەکەی خۆش خوانم،
بولبول
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
1218 بینین
وەرە ئەی بولبولەکەی خۆش خوانم،
هۆگری خونچە گوڵی باخانم!
باخەوان دەنگی نییە نیوە شەوە
دەرفەتە تاکوو بەیانی مەخەوە!
بەر لەوەی خونچە کە وا پێ بکەنێ
باخەوان هەستێ لە خەو گوڵ بچنێ!
چڵ بە چڵ شوێن گوڵی هیوا بکەوە
بۆی خەریک بە پەلەکە دوا مەکەوە
هیچ گومانم نییە هەر دەست دەکەوێ
کۆڵ نەدانی گەرەکە ڕەنجی دەوێ
هەر گەلێ درێژە بدات گەر بە خەبات
بانگی ئازادی لە بۆ دێت بە خەڵات
ئەم بەراتەی کە بە خوێن دەست دەکەوێ
نرخی بۆ دابنێ ژێر پێ نەکەوێ
بەرهەمی ڕەنجە برا بەختەوەری
داری ئازادی بە خوێن بەر دەگری!
وەرە ئەی بولبولەکەی دەنگ خۆشم
مژدە بێ لێت کە منیش دڵ خۆشم
من و تۆ و گوڵەکە یەک دەگرین
لێک جیا نابینەوە تا دەمرین
تۆ بخوێنە لە لق و پۆپی چڵان،
دەنگی ئازادی بگەینە بە گوڵان!
هێرشی هێزی شکا شۆڕی خەزان
چاوەڕێ بن هەڵی کا بادی خەزان
گوڵ بە ڕووسووری بە ناز پێ بکەنێ
بەرگی بێ شەرمی لەبەردا بکەنێ
دۆستی ئێوەش کە بەڵێندا پێتان
هەموو ڕوو داوێ بنووسێ بوتان!