وەک هوزارێک لە گوڵزارێک

وەک هوزارێک
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  700 بینین
وەک هوزارێک لە گوڵزارێک
لانەم هەڵبەست لەسەر دارێک
بەرامبەر بە گوڵ هەمیشە
ناڵینم کرد بووە پیشە
لە ئێوارە تا بەیانی
من کردبووم پاسەوانی
چریکە و ئاوازی خۆشم
ناڵەی دڵی پڕ لە جۆشم
چیمەن پڕ بوو بوو لە شادی
نەم بوو هیچ ترسی بێ دادی
هیوام ژیانی بێ ژان بوو
ستەم کاریم لاگران بوو
هەموو ئاوات و مەبەستم
لەگەڵ خونچەی خۆشەویستم
کۆڕێ ببەستین دوو بە دوو
پێی بڵێم تاکەی من و توو؟
داخ لە دڵ و ڕەنجەڕۆ بین
جێگای ڕەخنە و پەند و پۆ بین
خونچە گریا یەخەی دڕاند
دڵۆپێک فرمێسکی ڕژاند
گوتی: من جوانیی ڕوخسارم
بویتە هۆی دەرد و ئازارم
دڵنیا نیم لە هیچ کاتێ
دەستی باخەوان نەم گاتێ
بێ بەزەیی بێت بم چنێ
ڕیشەی ژینم هەڵ بکەنێ
بم با لە بازاڕ بە هەرزان
بم فرۆشی بە ناکەسان!
دەم ژاکێنن هەڵ دەوەرم
لە ژێر پێیاندا دەمرم!