نیسبەتی گەرمی ئەتۆم تێکەڵ بە سۆزی دڵ دەکەم
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
876 بینین
نیسبەتی گەرمی ئەتۆم تێکەڵ بە سۆزی دڵ دەکەم
گەر بگریەم هەر بە لافاوێک جیهان کاول دەکەم
ڕەنگی گوڵ سوورە لە ڕوو سووریی کچێکی کورد دەکا
دوور لە میکیاج ئارەزووی چاوی ڕەشی بێ کل دەکەم
داوی ئاڵۆزاوی زولفیم دیت لە دەوری خاڵی ڕوو
ترس و لەرزی زۆرمە لەم داوو دانە سڵ دەکەم
بۆ گوڵی هیوایە هەردەم ئاهـ و ناڵەم بێ وچان
وا مەزانن بولبولم مەیلی گوڵی سەر چڵ دەکەم
دولبەری دڵخوازی من هەردەم ئاهـ و ناڵەم بێ وچان
گەر خودا دەستم بدا دەستی لە شان و مل دەکەم
قەت لەمەولا ڕێ هەڵە و چەوت و چەوێڵ ناگرمە بەر
گوێ لە بۆ گشت پەند و ئامۆژگاری زانا شل دەکەم
تف لە ئاکار و ڕەوشتی دۆستی گەوج و هیچ نەزان
من هەمیشە ئافەرینی دوژمنی ئاقڵ دەکەم!
گەر لەگەڵ بەدکار و بەدبین دا بگونجێم بێ گومان
زێڕی قاڵ و خالیسی خۆم تێکەڵی پاقڵ دەکەم!